ڕووگە؛ شانازییەک بۆ وەرزشی هەڵەبجە و کوردستان
1.
ئەکادیمیای ڕووگە وەک سەنتەرێکی فرەچەشن بە کار و چالاکییەکانی، خۆیی دەرخستووە و لە بوارەکانی وەک وەرزش، میدیا، هونەر و کۆمەڵگە باشترین و بەرچاوترین چالاکیی لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە.
یەکێک لەو بوارانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەکادیمیای ڕووگەوە گرنگیی پێدراوە، بواری وەرزشە و هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە کە پارێزگای هەڵەبجە لەم بوارەدا شوێن دەستی لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق دیار بێت.
بە شانازییەوە ئەمجارەش کچانی لێهاتوو و ئازای تیپی تۆپی پێی کچانی ڕووگە، لە یەکێک لە یارییە ئاست بەرزەکانی عێراقدا بەشدارن و دیسانەوە چالاکانە بەرگرییان لە نازناو و ئازایەتی خۆیان کردەوە.
لە بەرواری 19 ی نیسانی 2026، ئەکادیمیای ڕووگە لە بەشی کچان بۆ بەشداری لە یارییەکانی تۆپی پێی کچانی عێراق، سەردانی بەغدای کرد.
یەکەم یاری تیپی تۆپی پێی کچانی ئەکادیمیای ڕووگە لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئەنجام درا و ئەنجامەکەشی بردنەوە بوو و ئەوەی جێی شانازییە، ئەوەیە کە پیشاندانی ئاستێکی زۆر بەرزی ئەندامانی ئەم تیپە، وایکردووە کە بۆ خولی یانەکانی عێراق قبووڵ بکرێن.
بەشداری لە خولێکی وەهادا مزگێنی تۆمارکردنی سەرکەوتنی زیاترمان پێدەدات و ئەم خەباتە وەرزشییە بۆ بەرزکردنەوەی ناوی هەڵەبجە و کوردستان بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بە ئەزموون، چالاکی و لە هەمووش گرنگتر خەمخۆری و نیشتمانپەروەریی ڕاهێنەران و سەرپەرشتیارانی ئەم تیپە وەرزشییە بدرێت و دەستخۆشی لە سەرجەم یاریزانانیش بکرێت کە بە ڕۆحێکی کوردانە و نیشتمانییانەوە دەچنە یارییەکانەوە.






