قوناغی ململانێی زلهێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

قوناغی ململانێی زلهێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست
سەروەت هەڵەبجەیی
ئەمەریکا، ڕووسیا، ئێران، میسر و سعودیە كایەگێڕانی سەرەكی لەم ناوچەیەدا بوون.
وڵاتانی ئەوروپی بە پێی پێشینە و ڕابردووی خۆیان لە ناوچەكە و پێویستی چەندین ساڵەیان بە بازاڕ و هێزی كاری ئەم وڵاتانە بیر لە پەرەپێدانی دووبارەی دەسەڵاتی خۆیان دەكەنەوە. ڕووسیا بە هۆی پێشینەی مێژوویی و نەبوونی نزیكایەتی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەكە، دەورێكی باڵای لە هاوكێشەكاندا نابێت، ئەگەرچی لە بواری سەربازی بە یەكێك لە وڵاتە زلهێزەكانی جیهان دادەنرێت بەڵام لە بواری ئابوری بارودۆخێكی لەباری نییە.
سعودیە حكومەتێكی پاشایەتی و نمونەیەك لە دیكتاتۆرییەتە و مۆدێلێكی گونجاو بۆ دانیشتووانی ناوچەكە نابێت، لە لایەكی دیكەوە ڕۆحیەتی نیشتمانی وڵاتانێك وەك عەمان، یەمەن و میسر ئەو دەرفەتە بەسعودیە نادەن كە ڕێبەرایەتی ناوچەكەی بە دەستەوە بێت.
میسر بە دەوڵەمەندبوون بە پێشینەی شارستانییەتی باڵا، بەردەوام بە یەكێك لە هاوكێشه گرنگەكانی ناوچەكە دادەنرێت. توركیا خەون بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی دەبینێت و ئێرانیش بیر لە دەسەڵاتی گەورەی مێژوویی خۆی دەكاتەوە، پێویستە ئیسرائیلیش بەم كێبەڕكێیە زیاد بكەین. هەموو ئەم خاڵانە داهاتووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەم و مژاوی كردووە. ئەوەی كە لە ناوچەكە و بە تایبەت لەم ماوەی ڕابردوودا دەبینرێت هەمان كێبەڕكێی وڵاتانی كاریگەر و هەوڵ و پلانی ئەوانە بە مەبەستی ڕێبەرایەتی كردنی ناوچەكە.
لەم نێوەندەدا ئێران وەك ئەكتەرێكی بەهێز لە داهاتووی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵ دەگێڕێت، بەڵام سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ماوەی تەمەنی كۆماری ئیسلامی هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە، لە ئاستی ناوخۆدا بە توندی ململانێ لە گەڵ ڕەگ و ڕیشە كۆنەكانی نیشتمانی پێكهاتەكانی ئێران كراوە و ئەمەش بە ڕوونی لە بوارەكانی مۆسیقا، جل و بەرگ، خوێندن بە زمانی دایك و داب و نەریتە كۆنەكان دەبینرێت و مەترسی ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەم هەوڵانە زۆربەیان بە ناوی ئایینەوە ئەنجام دەدرێن.
بەم هۆیەشەوە شوناسی نیشتمانی ئێرانی لە لای جیلی نوێ كاڵ دەبێتەوە و بە ناچاری فەرهەنگی بێگانە بە سەر بیر و هزری تاكەكانی كۆمەڵگای ئەو وڵاتەدا زاڵ دەبێت، ئەو كۆمەڵگایە ناتوانێت بەرەو یەكگرتوویی نەتەوەیی لە گەڵ ئەو وڵاتانە هەنگاو بنێت كە سەرەڕای قبووڵ كردنی پێشكەوتوویی و مۆدڕنیتە، كلتور و داب و نەریتی كۆنی خۆیان بە باشترین شێواز پاراستووە.
پادشای زلهێزەکان لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریکایە بەڵام وەک دەبینن جارێ سەرقاڵی کێشەکانی تەلئەبیبە و پێدەچێ زیاتر لە دوو دەیەیتر بخایەنێ ، ئیسرائیل هاوتا ڕاستەقینەکەی ئەمریکا کێشە گەلێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووستکردووە بێشک سەریش دەکێشێ بۆ تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئێرانیش هەروا دەستەوەستان نابێت.